ئه‌شكه‌وتى سه‌هۆڵان ' كونه‌كۆتر ' له‌ مهاباد


ئەشکەوتی ئاویی مێژوویی سەهۆڵان یەکێکە لە گرینگترین و بێوێنەترین ئەشکەوتە سروشتییەکانی کوردستان و هەروەها یەکێک لە سەیر و سەمەرەترین دیمەنە دڵڕفێنەکانی سروشتی جوانی شاری مەهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان دێتە ئەژمار.

ئەم ئەشکەوتە رۆژانە میوانداری نزیک بە هەزار کەس لە گەشتیارانە، کە لە شوێنە جۆراو جۆرەکانە دێن بۆ بینینی ئەم ئەشکەوتە سروشتییە.
ئەم ئەشکەوتە لە ئاوایی سەهۆڵان، لە 42 کیلومەتریی رۆژهەڵاتی باکووری مەهاباددا هەڵکەوتووە.

پانتایی ژووری ئەشکەوتەکە نزیک بە 600 مەتری چوارگۆشەیە و لە بەردی قسڵاوی پێک هاتووە. بە رزایی میچی ئەم ئەشکەوتە هەتا ئاستی دەریاچەکەی 50 مەترە و قوڵایی ئاوەکەی لە هەندێ شوێن دەگاتە 32 تا 60 مەتر. جیاوازی پلەی گەرمای دەرەوە و ژووری ئەشکەوتەکە لە نێوان 10 تا 15 پلەیە.

لێکۆڵینەوەکانی زەویی ناسان نیشان دەدات کە پێشینەی ئەم ئەشکەوتە بە پێی چالاکییەکانی زەویی ناسیی دەگەڕێتەوە بۆ 70 ملوێن ساڵ لەمەوبەر.

بۆ یەکەم جار، ئەم ئەشکەوتە 100 ساڵ لەمەوبەر لە لایەن ژاک دیمۆرگانی فەڕەنسی کەوتە بەر پشکنین و لێکۆڵینەوه. پاشان لە ساڵانی شەڕی دووهەمی جیهانیدا لە لایەن وەفدێکی بریتانیاییەوە دیسان توێژینەوەی لەسەر کرا و لە مانگی رەزبەری ساڵی 1373ی هەتاوی لە لایەن ئەشکەوت ناسانی ئێرانییەوە ناسێندرا.

تەنیا گیانلەبەرانی ئەم ئەشکەوتە، کۆتر و شەمشەمەکوێرەن کە بەشێک لەو ئەشکەوتەیان وەک هێلانەی خۆیان هەڵبژاردووە. بە هۆی تاریک بوونی ئەو ئەشکەوتە هیچ چەشنە بوونەوەری ناو ئاوی تێدا ناژی، جگە لە زیندەوەرە میکرۆسۆکۆپێیەکان. ئاوی دریاچەکە زۆر بێگەرد و روونە، سەرەرای تاریک بوونی، قوڵاییەکەی هەتا چەند مەتر دیارە و دەبیندرێ.

یەکەم دریاچەی ئەو ئەشکەوتە، نزیکەی 200 مەتر پانتاییەتی کە ئاوێکی پاک و روونی هەیە، داڵانی سەرەوەی دەریاچەکە زیاتر لە 50 مەتر بەرزایەتێ و لە کۆتاییەکەیدا دوو داڵانی باریکی بە پانایی دوو مەتر هەیە کە بەرەو دەریاچەو و داڵانەکانی دیکەی دەکرێتەوە.

فۆتۆ :: شێركۆ ئاڵه‌يى