له‌مه‌راسیمی كردنه‌وه‌ی مزگه‌وتێك له‌شارۆچكه‌ی ته‌وێڵه قورئانێكی ته‌مه‌ن ٢٠٤ ساڵ كه ده‌ستنوسی زانایه‌كی ئایینی ناوچه‌ی هه‌ورامانه نمایش كرا و پێشكه‌شی مزگه‌وته‌كه كرا. له‌مه‌راسیمی كردنه‌وه‌ی مزگه‌وتی مه‌لا نه‌زیری گه‌وره له شارۆچكه‌ی ته‌وێڵه ده‌ستنوسێكی ئه‌و مامۆستایه (مه‌لا نه‌زیری گه‌وره‌ی ته‌وێڵه ١٧٨٦-١٨٧٨) كه لای یه‌كێك له‌نه‌وه‌كانی پارێزرابوو، گه‌ڕێنرایه‌وه بۆمزگه‌وته‌كه. ئه‌حمه‌د نه‌زیری، كه نه‌وه‌ی حاجی مه‌لا نه‌زیری گه‌وره‌یه و له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان نیشته‌جێیه و له‌باوكیه‌وه ئه‌و قورئانه ده‌ستنوسه‌ی بۆماوه‌ته‌وه، وتی: ئه‌و قورئانه ده‌ستنوسه ٣٣ یه‌مین نوسخه‌ی ده‌ستنوسی قورئانه كه حاجی مه‌لا نه‌زیری گه‌وره‌ی ته‌وێڵه به‌ده‌ستی خۆی نوسیویه‌تیه‌وه و لای ئێمه پارێزراوه و ئێستا گه‌ڕاندوومانه‌وه بۆ ئه‌م مزگه‌وته. وتیشی: مێژووی نوسینه‌وه‌ی ئه‌م قورئانه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ٢٠٤ ساڵ به‌رله‌ئێستا و مامۆستا مه‌لا نه‌زیری گه‌وره‌ی ته‌وێڵه به‌ده‌ستوخه‌تی خۆی نوسیویه‌تیه‌وه و پشتاوپشت لای ئێمه پارێزراوه.