ژنێكی كورد، بەتەمەنترین پەنابەری جیهانە


ژنێكی تەمەن 107 ساڵەی لە لایەن راگەیاندنەكانی ئەروپاوە وەك بە تەمەنترین پەنابەری جیهان ناوزەد كراوە. سەبریە خەلەف، پەنابەرێكی رۆژئاوای كوردستانە، كە بە هۆی باردۆخی سوریاوە ناچاربووە زێدی خۆی جێبهێڵێت و رووبكاتە وڵاتی ئاڵمانیا و لەلای كەسوكارەكانی بگیرسێتەوە. ئەو خانمە كوردە 90 كەس لە كوڕ و كچ و نەوەكانی لە ئاڵمانیا دەژین و پاش حەوت مانگ چاوەڕوانی توانی بگاتە ئەو وڵاتە و بەكەس و كارەكەی شاد ببێتەوە. ئەو ژنە بەساڵاچووە كوردە سەرەتا هەوڵیداوە بەرێگەی نایاسایی بچێتە ئاڵمانیا، بەڵام ئەو بەلەمەی ئەو و كوڕەكەی دەگواستەوە لە دەریای ناوەڕاست رووبەرووی كێشەبووە و سەرنشینەكانی لەلایەن هێزی دەریاوانی یۆنانەوە رزگاركران. دواتر بنەماڵەی ئەو خانمە لە ئاڵمانیا، هەوڵیاندا بانگهێشتنامەی بۆ رەوانە بكەن، بەڵام داواكاریەكەیان بۆ ناردنی بانگهێشتنامە رەتكرایەوە. بەرپرسێكی وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمانیا دوای بیستنی چیڕۆكی ئەو ژنە كوردە، بە رێگەی وتارێكی رۆژنامەنوسیەوە دۆسیەكەی جوڵاند و سەرلەنوێ داواكاریەكی بۆ پێدانی مافی پەنابەری بە سەبریە خەلەف خستە بەردەم بەرپرسانی وڵاتەكەی و پاش دوو هەفتە، رەزامەندی نیشاندرا لەسەر پێدانی مافی پەنابەری بە خاتوونە.